Перейти к содержимому

کۆڵانێ ئاوپڕژێن دەکەم - نۆستالۆژیایی تەنیایی

Rawezh

0:00 / 0:00

کۆڵانێ ئاوپڕژێن دەکەم - نۆستالۆژیایی تەنیایی

36 просмотров · 7 ч назад
Rawezh
587 подписчиков
36 просмотров · 7 ч назад
تەنیایی ساتێکی دانەبڕاوە لە مرۆڤ؛ هەندێ جار لەبەر خۆتەوە قسە دەکەیت، هەندێک جار لەبەر خۆتەوە بیر دەکەیتەوە. هی ئەو کاتانەیە ناتوانیت لە تەنیاییی خۆت داببڕێیت. شێخی ڕەئیس، ئیبن سینا، دەیگوت: «بزانە هەندێ لە بوونەکان هۆکارن بۆ بوونێکی تر...» شێخ ڕەنگە نەپەرژابێتە سەر ئەوەی بڵێت: هەندێک لە بوونەوەران هۆکارن بۆ نەبوونی ئەوی تر... ئاخر کەسێ تەنیاییی نەبینیبێت، چۆن دەبێتە وزە بۆ هاتنەبوونێکی تر؟ چۆن تا دەمرێت بوونەکەی هەر خشەخشی دێت و ناتوانێت کەناڵێکی ساف بدۆزێتەوە؟ فریکوێنسەکەی لەسەر تەنیایی ڕۆیشتووە. ڕۆژانێکی تر دووبارە دەبنەوە؛ ئەو کات، تاقەتی بێتاقەتبوونت نییە، جووڵەی ئەوەت نییە بجووڵێیت... بەهێمنی دەستبەرداری خۆت دەبیت. وەکوو مردوویەک کە لێی گەڕاون خوێن لەبەری بڕوات، تۆش لە خۆت دەگەڕێیت؛ چیتر کۆڵانی تەنیاییت ئاوپڕژێن ناکەیت، چون لەوە دڵنیایت هیچ کەسێک بەو کۆڵانەی تۆدا گوزەر ناکات! تۆش لەوە دەگەیت ئەوەی تۆز گرتوویەتی تۆیت، ئەوەی لە دەستت بەربووەتەوە و هەزار پارچە بووە تۆیت. ئەوەی دەستی بە خوێنی برینی خۆیەتی، ئەوەی لەنجە بۆ ئازارەکانی دەکات و هێمنیی لەخۆی گرتووە و دەستبەرداری بووە، تۆیت. نیچە لە زاری زەردەشتەوە دەڵێت: «دۆستانم! ئەی ئەنگۆ چی؟ ناتانەوێت ئێوەش وەکوو من بە مەرگ بێژن: هەر ئەمە بوو ژیان؟» ئەرێ! هەر ئەوە بوو تەنیایی؟ هەموو شتێک دەکەیت بۆ ئەوەی نەیبینیتەوە و ڕێت نەکەوێتە سەر ڕێگای. ڕۆژێک دێت سەماوەری تەنیاییت خامۆش دەبێت؛ نە ئیستیکانێکی ئازاری ڕۆیشتن دەدۆزیتەوە، نە شەکری هاتن شیرینی دەبەخشێت. ئەم کۆڵانە ئاویش بیبات، تۆ نابیتەوە بە کەسەکەی جاران. کەسەکەی جاران هەر لەو کۆڵانەدا بەجێ ما؛ لەپشت دەرگایەکی پێوەدراودا کە کلۆمەکەی لەبەر بێکەسی ژەنگی هێناوە، نەک لەبەر ترسی دز. ئاخر دزیش ڕوو ناکاتە ماڵێک کە خاوەنەکەی خۆی، تاڵان کردبێت و هیچی بۆ نەمابێتەوە جگە لە سێبەرێکی سارد. لە سووچێکی ژوورەکەتدا دادەنیشیت و بەرانبەر خۆت ڕادەمێنیت؛ وەکوو دوو ناسیاوی کۆن کە دوای ساڵانێکی درێژ یەکتریان بینیبێتەوە و هیچ قسەیەکیان پێ نەمابێت بۆ یەکتری بیکەن. چای ناو ئیستیکانەکە دەمێکە سارد بووەتەوە و ڕەنگی خوێنێکی مەییوی گرتووە، کەچی تاقەتی ئەوەشت نییە بیڕێژیت. بۆچی بیڕێژیت؟ کاتێک زەمەن لەناو تۆدا وەستابێت، ساردبوونەوە و گەرمبوونەوە چ جیاوازییەکیان هەیە؟ شێخی ئیشراق، سوهرەوەردی، پێی وابوو تاریکی جەوهەر نییە و هیچ نییە جگە لە ئامادەنەبوونی ڕووناکی... بەڵام سوهرەوەردی لە تڕۆپکی ڕوناکی خۆی خامۆش بوو نەیتوانی بڵێت: هەندێک تاریکی هەن لە زۆریی ڕووناکیدا دروست دەبن! کاتێک هەموو شتێک لەبەرچاوت زەق و ڕوون دەبێتەوە، کاتێک بەڕوونی دەبینیت چۆن لەناو قەرەباڵغیی بووندا فەرامۆش کراویت و هیچ دەستێک نییە تۆزی سەر شانت بتەکێنێت؛ ئەو دەمە چاوت بە ڕووناکییەکەدا هەڵنایەت و بەپێی خۆت پەنا دەبەیتە بەر تاریکیی ناوەوەت. لەوێدا لانیکەم کەس نابینیت کە نەتبینێت. ئیتر نە چاوەڕێی زەنگی دەرگایت و نە گوێت لە خشەخشی ڕادیۆکەی تەمەنت دەبێت؛ تەنانەت ئەو خشەخشەش دەبێتە لایلایەیەکی کۆن و خەوت لێ دەخات. پێت وایە ئارام بوویتەتەوە، بەڵام ئەوە ئارامی نییە؛ ئەوە سڕبوونی دوای شکانە. وەکوو درەختێکی وشکەڵاتوو کە چیتر با نایلەرێنێتەوە، چون هیچ گەڵایەکی پێوە نەماوە نەگێکی لێوە بێت و مزگێنیی مانەوەی بدات. شکانەکانی خۆتت کۆ نەکردەوە؛ هەر لە شوێنی خۆیاندا جێت هێشتن، چون زانیت هەندێک شت کە دەشکێن، ئەگەر چاکیش بکرێنەوە، درزەکانیان هەمیشە شوێنی تێپەڕبوونی سەرمایە. ئالبێر کامۆ دەیگوت: «پێویستە وا بیر بکەینەوە سیزیف بەختەوەرە...» ئەرێ بەختەوەرە؟ ئاخر سیزیف هێشتا بەردێکی هەبوو پاڵی پێوە بنێت، هێشتا شاخێکی هەبوو پێیدا هەڵبگەڕێت و خەریک بێت پێوەی! تراجیدیاکە ئەو کاتە دەست پێ دەکات کە دەگەیتە لووتکەی تەنیاییی خۆت و دەبینیت بەردەکەش بێزار بووە لێت، خۆی لەدەستت فڕێ داوەتە خوارەوە و نایەوێت لەگەڵتدا بمێنێتەوە. ئەو کاتە بەدەستی بەتاڵ لەسەر لووتکەکە دەوەستیت؛ نە هێزی دابەزینت ماوە، نە بارێکیش هەیە شانتی پێوە خەریک بکەیت. لەوێدا تێدەگەیت؛ تەنیایی ئەوە نییە کەسێکت لێ بڕوات، تەنیایی ئەو چرکەساتەیە کە خۆشت لە خۆت دەڕۆیت و ئاوڕیش لە دواوە نادەیتەوە. پەنجەرەکە دادەخەیت، پەردەکە دادەدەیتەوە و دەست لەسەر سنگی خۆت دادەنێیت؛ نەک بۆ ئەوەی بزانیت دڵت لێ دەدات یان نا، بەڵکوو بۆ ئەوەی دڵنیا بیتەوە کە هیچ شتێک لەو ناوەدا نەماوە بێتاقەت بێت. ئێستا تەنانەت ئەگەر کەسێکیش بە هەڵە ڕێی بکەوێتە ئەم کۆڵانە و لە دەرگات بدات، تۆ لەودیو دەرگاکەوە بێدەنگ دەوەستیت و دەڵێیت: لێرە کەسی لێ نییە... دەمێکە ئەم ماڵە چۆڵ کراوە.