Legel Ranj | لەگەڵ رەنج - "هەفتانە پێنج گرام شێرپەنجە دەخۆین"
Rudaw Stream
0:00 / 0:00
Legel Ranj | لەگەڵ رەنج - "هەفتانە پێنج گرام شێرپەنجە دەخۆین"
24 411 просмотров · 2 года назад
Rudaw Stream
107 тыс. подписчиков
24 411 просмотров · 2 года назад
لە هەرێمی کوردستان ئامێری ئەوەندە پێشکەوتوو نین بۆ پشکنین و زانینی کوالێتیی ئەو پلاستیکەی بۆ دروستکردنی دەبەی ئاو و شیرەمەنییەکان و تەنانەت جلوبەرگیش بەکاردەهێنرێن. پسپۆڕێکی تەندروستیی ژینگە دەڵێت، "رۆژانە هەر تاکێکمان لە هەرێمی کوردستان پێنج گرام پلاستیک دەخوات کە 15 مادەی ژەهراویی تێدایە".
بە گوتەی ئەو پسپۆرە، "ئەو 15 مادەیە کاتێک دەچنە لەشی پیاوێکەوە، رێ لە گەیەنەری هۆرمۆنەکانی دەگرن و هەندێکجار وەکو ئێسترۆجینی ژنانە کار دەکەن، بۆیە پاش ماوەیەک پیاوەکە هەستی ژنانەی تێدا دروستدەبێت و دەڵێت ژنێک لەنێو مندا هەیە".
رۆژی یەکشەممە، 18ـی سوباتی 2023، لە بەرنامەی لەگەڵ رەنج، بە میوانداری هەندرێن شێخ راغب، بەڕێوەبەری راگەیاندن لە دەستەی پاراستن و چاككردنی ژینگە؛ د. كارزان عەلی، پسپۆڕی تەندروستیی ژینگە؛ لەشكر حەمید، ئەندازیاریی خۆراك؛ هەڵشۆ ئەبوبەكر، خاوەنی كارگەی ئاو و د. هیوا عوسمان، پسپۆڕی كیمیایی پۆلیمەر و مامۆستای زانكۆ، پێکهاتەی ئەو پلاستیکانە خرایەڕوو کە لە هەرێمی کوردستان بەکاردەهێنرێن.
ژینگە نەبووەتە "کاری لەپێشینەی حکومەت"
بەڕێوەبەری راگەیاندن لە دەستەی پاراستن و چاككردنی ژینگە پێیوایە تاوەکو ئێستا پرسی ژینگە نەبووەتە کاری لەپێشینەی حکومەت، تاوەکو ئەمەش نەکرێت، ناتوانن ئەو ئامانجانەیان جێبەجێبکەن کە بۆ پاراستنی ژینگە دیارییانکردووە.
هەندرێن شێخ راغب، بەڕێوەبەری راگەیاندن لە دەستەی پاراستن و چاككردنی ژینگە رایگەیاند: "ئێمە دەمانەوێت هەرێمی کوردستان لە کۆمەڵگەیەکی بەرخۆرەوە ببێت بە کۆمەڵگەیەکی پیشەسازی و پشت بەخۆی ببەستێت، بەڵام نابێت ئەو بەپیشەسازیبوونە لەسەر حیسابی ژینگە و تەندروستی خەڵک بێت".
هەندرێن شێخ راغب دەڵێت: "هێشتا ژینگە لە حوکمڕانی هەرێمی کوردستان، لەڕووی عەقڵیەت و کارگێڕییەوە، یەکێک نییە لە بابەتە لەپێشینەکان، تاوەکو ژینگە وەکو پرسێکی سەروەریی و نیشتمانی سەیر نەکرێت، رەنگە نەتوانین ئەو ئامانجانەی بۆ چاککردن و پاراستنی ژینگە هەمانن جێبەجێیان بکەین".
قەدەخەکردنی ئاوی دەبە
دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگەی هەرێمی کوردستان بەکارهێنانی دەبەی ئاو و پلاستیکیان لە کارمەندانی خۆیان قەدەخە کردووە، بەڕێوەبەری راگەیاندن لە دەستەی پاراستن و چاككردنی ژینگە دەڵێت ئەو بڕیارەیان داوەتە سەرجەم وەزارەتەکانی هەرێمی کوردستان، بەڵام ئەوان جێبەجێیان نەکردووە.
هەندرێن شێخ راغب گوتی، ئێستا لە فەرمانگەکانیان ئاوی بۆڕی دەخۆنەوە و وەکو ئاماژەی پێدەدات؛ "لە 29ـی ئاداری 2020 بە نووسراوی فەرمی کۆی فەرمانگەکانمان ئاگادارکردەوە کە هەموو جۆرە ئاوێکی خواردنەوەی دەبە قەدەخەیە، هەمان فەرمانمان داوەتە هەموو وەزارەت و دامودەزگە پەیوەندیدارەکانی هەرێمی کوردستان، بەڵام جێبەجێ نەکراوە".
ئەوەش لەکاتێکدایە کە د. کارزان عەلی، پسپۆری بواری تەندروستی ژینگە دەڵێت: "توێژینەوی ماستەرم لەسەر ئاوی یەک لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بوو، دوای ئەوەی پشکنینمان بۆ ئاوەکە کرد مادەی زەڕنیخمان تێدا دۆزییەوە کە رێژەکەی لە ئاستی ستاندارد زیاتربوو، ئەو مادەیە بە ژەهراویترین مادە کیمیاییەکان ناسراوە و راستەوخۆ مرۆڤ دەخاتە بەردەم مەترسیی تووشبوون بە شێرپەنجە".
٪22ـی زبڵی کوردستان "لە پلاستیک پێکهاتووە"
بەڕێوەبەری راگەیاندن لە دەستەی پاراستن و چاككردنی ژینگە باس لە نەبوونی دەسەڵاتی جێبەجێکردنی دەستەکەیان دەکات و دەشڵێت 22٪ـی زبڵی هەرێمی کوردستان لە پلاستیک پێکهاتووە و ئەمەش بە مەترسییەک بۆسەر ژینگە ناودەبات.
هەندرێن شێخ راغب دەڵێت؛ "بەردەوام راپۆرتی مانگانە و ساڵانە لەسەر مەترسییەکانی ژینگەی ئاو، خاک، هەوا و رووەک و هەموو هۆیەکانیان داوەتە لایەنی پەیوەندیدار و دەشڵێت؛ "لەسەر خراپی بەنزین و دووکەڵی ئۆتۆمبێل چەندین راپۆرتمان داوەتە وەزارەتی ناوخۆ، لەبەر ئەوەی خۆمان دەسەڵاتی جێبەجێکردنمان نییە، ناچارین راپۆرتەکان ئاراستەی لایەنە پەیوەندیدارەکان بکەین".
بە گوتەی بەڕێوەبەری راگەیاندن لە دەستەی پاراستن و چاككردنی ژینگە؛ "22٪ـی خۆڵ و خاشاکی هەرێمی کوردستان مادەی پلاستیکین، راپۆرتمان بەرزکردووەتەوە کە دەبێ ئەو دۆخە چارەسەر بکەین و بۆ ئەمەش پێشنیازمان کردووە کە دەبێ کارگەی ریسایکلین لە هەموو شارەکان دابنرێت".
سەتڵی ماست لە "پاشماوەی نەخۆشخانەکان دروستدەکرێت"
بەپێی پۆلێنکردنی ژمارەی پلاستیکەکان دەبێ ئەو سەتڵ و دەبانەی شیرەمەنییەکان و ماستی تێدا هەڵدەگیرێت ژمارە پێنجیان لەسەر نووسرابیت، لەشکر حەمید دەڵیت؛ "لەسەر سنوورەکان تەنیا سەیری دەبەکان دەکەن و دەبینن ژمارە پێنجی لەسەر نووسراوە، بەبێ پشکنین رێگەی پێدەدەن بێتە ناوەوە".
ئەو ئەندازیاری خۆراکە دووپاتیدەکاتەوە؛ "لە ئێران چوومەتە کارگەی پلاستیک و بینیومە کە پاشەڕۆی پزیشکی و نەخۆشخانەکان ریسایکل کراوەتەوە و دەبە و سەتڵی ماستیان پێ دروستکردووە و کۆدی ژمارە پێنجیان لەسەر نووسیون". بۆیە پێیوایە حکومەت نابێ متمانە بەو ژمارانە بکات کە لەسەر پلاستیکەکان دەنووسرێت و خۆی پشکنینی وردیان بۆ بکات.
"متمانە بە کوالێتی ئاوی دەبە بکەن"
خاوەنی کارگەیەکی ئاو لە هەرێمی کوردستان دەڵێت، ئەو ئاوەی لە کارگەکان بەرهەمدەهێندرێت کوالیتی هاوشێوەی هەموو ئاوە ستانداردەکانە، بەڵام جۆری دەبە و شێوازی هەڵگرتنی ئاوەکە وادەکات کوالیتی دابەزێت.
هەڵشۆ ئەبوبەكر، خاوەنی كارگەی ئاو گوتی؛ "ئەو پلاستیکەی لە هەرێمی کوردستان کۆدەکرێتەوە، دوای ریسایکلکردنی رەوانەی تورکیا دەکرێت و لە تورکیا دەیکەن بە جلوبەرگ و دەبەی ئاو و بابەتەکانی دیکە و بۆمان دەنێرنەوە".
هەڵشۆ ئەبوبەکر پێیوایە؛ "ئەو ئاوەی لە کارگەکانی هەرێمی کوردستان بەرهەمدەهێندرێت، لەڕووی کوالێتییەوە جیاوازییەکی ئەوتۆی لەگەڵ ئەو ئاوە نییە کە لە ئەوروپا بەرهەمدێت، بەڵام ئەوەی ئاوەکە ناتەندروست دەکات، شێوازی هەڵگرتن و جۆری دەبەکەیە کە دەبێت ئەوانەش چارەسەر بکرێن".